متن آهنگ
لەپاش کۆچت هەنگی ڕۆحم لە ناو ڕۆحما بەجێ ماوە
چاوەکانم دەریای ئەشکی چاوەکانتیان تێ ڕژاوە
سروەی دەنگە بەسۆزەکەت لە ناخمدا سەما دەکا
هەموو رۆژێک بۆ دیتنەوەت دڵم هەر بەتەما دەکا
♪♪♪
هەتا ماوم هیچ ئاوازێ هەستی هەناوم ناگۆڕێ
بەو کۆچەی تۆ خەم لە ناخی دڵی تاساوم دەچۆڕێ
خاتوونێ خاتوونەکەم نیشتمانم جێ مەهێڵه
نیشتمانی ئەم دڵەی من ڕێبوارێکی ماندو و وێڵه
♪♪♪
تۆ دەزانی چەند هەناسەی یادگاریم لە سینگتایە
چەند دیمەنی پڕ ژوانمان لە ئالبۆمی دیدەتایە
تۆ دەزانی ڕۆژانێک بوو نیوەی جەستەی لاوازم بووی
نەغمەی تاری پڕ لەسۆز و چەلۆی دەنگ و ئاوازم بووی
♪♪♪
کەچی ئێستا منی بێ تۆ شەپۆلێکی بێ کەنارم
میوانێکی بێ خانەخوی و کوێستانێکی بێ هەوارم
باڵندەکانیش وەکوو من بۆ هاتنەوەت دەم بە دوێتن
تێکڕا کۆڕی پەپوولەکان بە سروودێک چاوەڕێتن
دڵنیابە و چاوەڕێ بە خاتوونەکەم هەر دێمە لات
دیاری دەستم بەراتێکە پڕ لە ماچی دەمی وڵات
با تشکر از کانال تلگرامی مامۆستا ناسر ڕەزازی
